کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوا لە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بروکسێل کرا چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ڕوون بکرێتەوە

12:07 - 30 بانەمەڕ 2720

پشتگیرییەکان بۆ پشتگیری لە کەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" بەردەوامە و ئەندامێکی پارلمانی ئورووپا لە نامەیەکەدا بۆ باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بروکسێل داوای لێ کردن چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ڕوون بکرێتەوە.

"ئاندرێیاس شیدەر"، ئەندامی پارلمانی ئورووپا لە حیزبی سوسیال دێموكراتی ئۆتریش، نیگەرانیی زۆری خۆی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

"شیدەر" لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزی ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی: "دەمهەوێت لەم ڕێگایەوە نیگەرانیی خۆم سەبارەت بە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران و هەروەها بارودۆخی بەندكراوانی سیاسی و جیابیران و كوژرانی بەردەوامی كۆڵبەرانتان پێ ڕابگەیەنم".

ناوبراو نووسیویەتی، ئەو هۆكارەی كە منی لە ئێستادا زیاتر هان دا لەمبارەوە هەڵوێست بنوێنم، بارودۆخی بەندكراوی سیاسی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوورە كە حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەو ئەندام پارلمانەی ئورووپا لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی من گەییشتوون و هەروەها ئەو بەیاننامەیەی كە ڕێكخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕێکەوتی ١٢ی مەی بڵاوی كردەوە، ئەو بەندكراوە لە شوێنی خوی ڕاگوێزراوە و هیچ لایەنێكی فەرمیی حكوومەتی ئێرانیش ئامادە نییە هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو سەبارەت بە چارەنووسی بدات.

"شیدەر" لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا بۆ باڵوێزی ئێران جەختی کردووەتەوە کە سوورە لەسەر ئەوەی سەبارەت بە چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ئاگادار بكرێتەوە.

ناوبراو داواشی کردووە حوکمی ئێعدام هەڵوەشێتەوە.