کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوا لە یەکیەتیی ئورووپا دەکرێت ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان بخاتە نێو لیستی تێرۆرەوە

18:41 - 29 بانەمەڕ 2721

پارلمانی ئورووپا لەبارەی دۆخی تورکیە ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی ئامادە کردووە و بۆ یەکەم جار "گورگە بۆرەکان" کە ڕێکخراوی لاوانی سەر بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپەن، وەک ڕێکخراوێک دەناسێنێت کە ئەگەری ئەنجامدانی هەوڵی تێرۆریستییان هەیە.

 پارلمانی ئورووپا ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، بۆ وتووێژکردن لەبارەی ئەو ڕاپۆرتە کۆ دەبێتەوە و دەیخاتە بەر دەنگدانەوە.

 لەو ڕاپۆرتەدا کە لەلایەن ''ناچۆ سانجێز ئیمۆر''، پارلمانتاری ئیسپانیایی ئامادە کراوە، ماددەیەک زیاد کراوە کە تێیدا ڕێکخراوی "گورگە بۆرەکان" وەک ڕێکخراوێکی "ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوی پەرگیڕ" دەناسێنێت و ئاماژە بەوە دراوە، ئەو ڕێکخراوە نەتەنیا لە تورکیە بەڵکوو لەو وڵاتانەش کە ئەندامی لە یەکێتیی ئورووپان بە شێوەیەک پێش دەکەوێت کە مایەی نیگەرانییە.

 لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیار کراوە ڕێکخراوی "گورگە بۆرەکان" بخرێتە لیستی ڕێکخراوەکانی تێرۆریستیی یەکێتیی ئورووپا و قەدەغە بکرێت و دەستیش بە لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕێکخراوەکە بکرێت.

 هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان بۆ سەر کورد و ئەرمەنی و یونانییەکان و  ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بوونەتە هەڕەشە، بۆیە پێویستە پێشیان پێ بگیرێت.

 یەکەم جار وڵاتی فەرانسە بوو کە لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٠ لە بڕیارێکدا بە پاساوی ئەو هێرش و چالاکییانەی لە فەرانسە ئەنجامیان داوە ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانی قەدەغە کرد.