کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی توێژی فەرهەنگی، ئایینی و ئاکادیمیکی بۆکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان

17:58 - 23 رێبەندان 2719

كۆمەڵێک له كەسايەتىی فەرهەنگى، مەدەنی، ئەدەبى، خوێندکاران، دەرچووانی زانکۆکان و مامۆستايانى ئايينى له بۆکان داوایان لە خەڵکی ئەو شارە کرد بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا نەکەن.

دەقی ئەو داواکارییە بەم چەشنەیە:

نا بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن

ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری بەسەر وڵاتدا جگە لە ماڵوێرانی و کوشت و کوشتار هیچ شتێکی بۆ خەڵکەکەی بە دیاری نەهێناوه و ساڵانێکە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و نوێنەرانی مەجلیسدا بە بەڵێنە درۆ و پووچەکانیان و بە تاکتیکی جوراوجۆرەوە خەڵک ڕادەکێشنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان.

هەڵبژاردنێک کە هیچ چەشنە دێموکراسیبوونێکی تێدا بەدی ناکرێت، چونکە ئەو کەسانەی دەتوانن لە فیلتێری شورای نیگەهبان ڕەد بن هەموویان کەسانی سەر بە خۆیانن و هەڵبژاردنی هەر کام لەو مۆرانە بۆ ڕێژیم هیچ جیاوازییەکی نییە و تەنیا ئامانجیان لەو بەناو هەڵبژاردنە ڕەواییدان بە خۆیان و ئەوەیە کە بە دونیای دەرەوە ڕابگەیەنن کە ئێمە هێشتاش خەڵکەکەمان پشتیوانیمان لێ دەکات.

لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا خەڵک نوێنەری ڕاستەقینەیان نییە بەڵکوو نوێنەرانی دەوڵەت لە شارەکان لەلایەن شورای نیگەهبانەوە دیاری دەکرێن و لەنێو مۆرەکانی ئەواندا دەبێ کەسێک هەڵبژێردرێت.

ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بە شێوازی جۆراوجۆر خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشێت.

خەڵک دەبێ ئەو ڕاستییە باش بزانن کە دەنگدانی ئەوان هیچ چەشنە کاریگەرییەکی لە گۆڕانی بارودۆخی ئێستای ئێران نابێت و بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا مۆری تەئیدکردنی هەموو جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو کوشتارەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و گیرانی هەزاران چالاکی فەرهەنگی، مەدەنی، سیاسی و کوژرانی کۆڵبەرەکان و دزی و ئیعتیاد و بێکارییه.

داوامان لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە بە شێوەیەکی یەکگرتووانە ئەم بەناو هەڵبژاردنە تەحریم بکەن و خەڵکی گوندەکانی ڕۆژهەڵات لەو ماوەیەدا هاتوچۆی ئەو شوێنانە نەکەن و ڕێژیم بۆ ئەوەی جەوی هەڵبژاردن گەرموگوڕ نیشان بدات ماشینی بۆ هەموو گوندەکان بەکرێ گرتووە، زۆر جاران ئەو مۆرانەی ڕێژم بۆ فریودانی خەڵک هێرش دەکەنە سەر یەکتر یان باس لە جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ی قانوونی ئەساسی و نەمانی بێکاری و ئاوەدانیی وڵات و... دەکەن کە هەموویان دوورن لە ڕاستی.

با بۆ جارێکیش بێت یەکگرتووانە فریوی سناریۆکانی ئەو ڕێژیمە کوردکوژە نەخۆین و بە نەچوونمان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان بە هەموو جیهان نیشان بدەین کە ئێمە ئەو نیزامە دیکتاتۆرەمان ناوێت و تەنیا دەنگ بە نەمانی سیستمی پەت و سێدارەی ئاخوندی دەدەین.

كۆمەڵێک له كەسايەتیى فەرهەنگى، مەدەنی، ئەدەبى، خوێندکاران، دەرچووانی زانکۆکان و ماموستايانى ئايينى له شارى بۆکان.

ڕێکەوتی ۲۳ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی