کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی عەلی عابدی بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی لافاولێدراو

12:16 - 14 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هونەرمەندێکی ناسراوی کورد، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدئۆیی، داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە، کە بە هانای خەڵکی لێقەوماو و لافاولێدراوی لوڕستانەوە بڕۆن.

عەلی عابدی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدئۆیی باسی لەو لافاوە ڕووخێنەرە کرد، کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە.

ناوبراو وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە و سەرەخۆشیی خۆی و ئەندامانی تیپی مووزیکی نەکەرۆز، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، کە بە هانای خەڵکەوە بچن. ناوبراو لەم پەیامە ڤیدئۆییەدا دەڵێت: "داواکارم لە خەڵکی مرۆڤدۆستی کوردستان بە هانای ئەو خەڵکە لێقەوماوەوە بچن و بێ شک هەنگاوێک لەم بارەوە ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی و دینی هەموو لایەکمانە".

پاش هاتنی لافاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران و بەتایبەت لوڕستاندا، کە بووە هۆی خەسارێکی زۆر و ماڵ و حاڵی خەڵکی تێک دا، کەمپەینگەلێکی جیاواز لە شارەکانی کوردستان لەژێر ناوی "زاگرۆس چاوەڕێمانه"، لە لایەن ئەنجومەن و ناوەندە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزییەکانەوە ڕێک خراوە، کە خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتیی بۆ خەلكی لێقەوماون.