کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕشتنی پلانێکی نوێ بۆ پێشگرتن بە گەندەڵی لە ئێراندا

12:26 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا، پلانێکیان بۆ پێشگرتن بە گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داڕشتووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی ڕەشەمە، نوێنەری کۆماریخوازانی هەرێمی تینسی، "دەیوید کاستاف"، ڕەشنووسی پلانێکی داڕێژراوی بۆ پێشگرتن لە گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەژێر ناوی "ڕاگرتنی ئۆلیگاریشییەکان و ناوەندە گەندەڵەکانی ئێران" لە وێبسایتی خۆیدا بڵاو کردەوە.

ئەو پلانە لە لایەن دوو ئەندامی کۆمیتەی خەدەماتیی ماڵیی مەجلیسی نوێنەران بە ناوەکانی "دەیوید کاستاف"، نوێنەری کۆماریخوازەکان لە هەرێمی  تینسی و "جاش گاتهایمر"، نوێنەری دێموکراتەکان لە نیووجێرسی ئامادە کراوە.

ئەوان ڕێژیمی ئێران بە ڕێژیمێکی "ئۆلیگاریشی" ناو دەبەن، بەو واتایە کە ڕێژیمێکی تاقمسالارە و بەرپرسایەتیی وڵات بە دەست تاقمێکی دیاریکراوەیە، کە لە ڕێی گەندەڵی و تاڵانی سامانەکانی خەڵک هەوڵی کۆکردنەوەی سروەت و سامان بۆ خۆیان دەدەن و ئەمە سەرباشقەی کارەکانیانە.

کاستاف لەو بارەوە وتوویەتی: "لە چل ساڵی ڕابردوودا و لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ڕێژیمە بووەتە گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە دنیادا و ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی توانای ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکوچۆڵی ناوکی و کێشە دروستکردن بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو ئیسرائیل لە ڕێی هەوڵە تێرۆریستییەکانەوە بووین.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: پێویستە ئێمە لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێران و ڕێبەرەکەیدا ڕاوەستین و ئەوپەڕی زەخت بخەینە سەری هەتا زاتی خراپی ئەو ڕێژیمە دەرکەوێت.