کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیرکردن و بڕینی لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە

17:00 - 6 جۆزەردان 2720

لە بانە ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانی خەریکی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لەنێو خەڵکدان و بۆ داگیرکاریی مڵک و ماڵی یەکتر خەڵک هان دەدەن و هەروەها لە دێولان کۆمەڵێک لە دارەکانی ئەو شارە لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە بڕدراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی بانە و بەخشداری بەشی "نمەشیر"ی بانە، بە پشتیوانیی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شارەدا خەریکی دووبەرەکی نانەوە و کێشە سازکردن لەنێوان گوندەکانی ئەو ناوچەیەدان.

ئەو مۆرانەی ڕێژیم بە پشتیوانیی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو ناوچەیەدا خەڵکی گوندەکانی "سیوچی خواروو" و "سیوچی سەروو"یان هانداوە کە هێرش بکەنە سەر تفاق و جاڕ و لەوەڕگە و مەزرای ئاوایی "سەدبار".

هەروەها لەو زانیارییانەدا هاتووە کە پاسگای گوندی "زەرواو" و سپای تێرۆریستی پاسداران لەگەڵ ئەو دوو مۆرەیەی ڕێژیم دەیان کەسیان  لە گوندی "سیوچی" هان داوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر لەوەڕگە و مەزرای گوندی سەدبار و خەڵکی سەدباریش ئەم کارە بە شکاندنی بڕیاری دادگا و هەڵکوتانە سەر سامان و ماڵی خۆیان دەزانن.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە لە "بوڵواناوا"ی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە، چەندین کەسی هەلپەرست ٣٢ بن داری بەریان بە داربڕی بەرقی بڕیوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەندین بن لە دارەکانی نێو بلوارەکانی نێو شاری "کامیاران" بڕدراون.

ئەم شێوازە کردەوانە بەرانبەر بە سروشت و لێڕەوار و دارەکانی کوردستان هێرشێکی ژینگەییە بۆ سەر سروشت و ژینگەی کوردستان کە زۆربەی کاتیش لەلایەن ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانیەوە ئەنجام دەدریت.