کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیرکەرانی کوردستان باس لە دێموکراسی دەکەن

12:24 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: داگیرکەرانی کوردستان کە هەموو بنەما دێموکراتیکەکانیان پێشێل کردووە، باس لە دێموکراسی وڵاتەکانیان دەکەن.

ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە و سەرۆکی ئاکپارتی، ڕۆژی سێشەممە ۶ی خاکەلێوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیەدا، تورکیەی بە وڵاتێکی دێموکراتیک پێناسە کردووە و ڕایگەیاندووە؛ دێموکراسی وڵاتەکەمانی لە قەدەغەکردن، گوشار و ستەمەکان ڕزگار کردووە. جارێکی تر هیچ هێزێکی تێرۆریستی ناتوانێت تورکیە بکاتە وڵاتێک کە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان تێیدا جموجووڵ بکەن.

ئەردۆغان، لە کاتێکدا باس لە دێموکراسی و دێموکراتبوونی حکوومەت و وڵاتی تورکیە دەکات، کە بە درێژاییی مێژوو دەسەڵاتدارانی تورکیە مافی کوردەکانیان پێشێل کردووە، کە نیوەی لە حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حاشا لە هەبوونی باکووری کوردستان دەکەن، کە نیوەی خاکی تورکیهیە، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا خودی ئەردۆغان و کابینەکەی چەند جار حاشایان لە هەبوونی باکووری کوردستان کردووە و ڕوو لە چالاکانی سیاسی و بەربژێرە کوردەکان، ڕایانگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە هەر دەڵێن کوردستان کوردستان، با بڕۆن بۆ باکووری عێراق و لە خاکی تورکیەدا کوردستان بوونی نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "محەمەدجەواد لاریجانی"، بەرپرسی بەناو ناوەندی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەموو پێشێلکاریی مافی نەتەوە و کەمینەکان لە ئێراندا و هەبوونی هەموو جۆرە زوڵم و ستەمێک لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندیی و دیکتاتوریەتی ئەو ڕێژیمەدا، ڕایگەیاندووە، کە لە ئێراندا زیاتر و پێشکەوتووتر لە ڕۆژاوای ئاسیا و جیهانیش دێموکراسی هەیە.

لە کاتێکدا ئەو بەر‌پرسەی ڕێژیم چەواشەکاری دەکات، کە جیا لەوەی کە هیچکام لە نەتەوەکانی تر جگە لە نەتەوە دەسەڵاتدار، ڕێگای بەشدارییکردن لە بەڕێوەبردنی وڵاتی ئێرانیان پێ نادرێت و هیچ حیزب و پارتێکی سیاسیی ڕاستەقینەی نەتەوەکان لە ئێراندا ڕێگای چالاکییان ‌پێ نادرێت، ڕۆژانە سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی، مافی مرۆڤ، مەدەنی و ژینگەپارێزی، ڕۆژنامەنووسان، خوێندکاران و ... ، لە نەتەوە بندەستەکانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەگیردرێن و ڕەوانەی بەندیخانە و چاڵەمەرگەکانی ڕێژیم دەکرێن.

وێڕای ئەوەش کە ڕۆژبەڕۆژ ئاماری لەسێدارەدان و هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر نەتەوەکانی ئێران پەرە دەستێنێت، بە هۆی زوڵم و ستەمی دەستەڵاتداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ساڵ لە دوای ساڵ هەڵهاتنی مێشکەکان و بژاردەکانی وڵاتی ئێران بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوویان لە زیادبوونە.