کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵات ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:39 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دایە "زارا ڕەحمانیان" دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی، ئێران لە شاری شنۆ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دایە "زارا ڕەحمانیان"، دایکی شەهیدان "کەریم و عوسمان ئامانی"، دوو شەهیدی قارەمانی حیزبی دێموکرات خەڵکی گوندی "قەڵاتان" سەر بە شاری نەغەدە، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە زارا ژنێکی شۆڕشگێڕ و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو و تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید "کەریم ئامانی" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی، لە گوندی قەڵاتان چاوی بە دنیا هەڵێنا. دوای ئەوەی کە هاتە ڕیزەکانی پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگایەتی بەجێ دەگەیاند، ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٦٠ی هەتاوی لە گوندی "دەربەند" لە لایەن جەلادەکانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە ئێعدام دەکرێت و تەرمی پیرۆزی لە شاری شنۆ بە خاک دەسپێردرێت.

شەهید "عوسمان ئامانی" برای شەهید کەریم، ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە گوندی قەڵاتان لە دایک دەبێت. دوای پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە گوندی خۆیان لە تێکەڵچوونێک لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت و لە زێدی خۆی بە خاک دەسپێردرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە خزم و کەسوکاری دایە زارا دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.