کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزب و گەل ماڵاوایی لە ژیان کرد

10:25 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدان "سالار و ئیسماعیل ئیبراهیمی" شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کامیاران بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، دایه "سۆغرا ئیبراهیمی" دایکی شەهیدان ئیسماعیل و سالار ئیبراهیمی خه ڵکی گوندی "گومەته" سەر به شاری کامیاران کۆچی دوایی کرد.

 دایه سوغرا ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لەدایکبووە و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ناوبراو ڕێزێکی تایبەتی لەنێو شاری کامیاراندا هەبوو و جێگای ڕێزو متمانەی خەڵک بوو و بەردەوام شانازی به کوڕه شەهیدەکانییەوه دەکرد.

دایە سوغرا هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار به ڕێبازی کوڕە شەهیدکانی مایەوە؛ تەرمی ئەو دایکە قارەمانە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی کامیاران و دەوروبەری بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید سالار ئیبراهیمی، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە باوەشی دایکی و بە نازی باوکیەوە کەوتە گڕوگاڵ . لە کۆتایی تەمەنی حکوومەتی پەهلەویدا ئەویش کەوتە خەبات و تێکۆشان. بە ئاشکرا بوونەوەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سالار ئیبراهیمی وەک ئەندام و لایەنگری حیزب لە شاری کامیاران و ناوچەکانی دەوروبەری خۆی دەنواند. لە دوای بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی شەهید بوونی کاک ئیسماعیلی برای و هاوڕێیەکانی بڕیاری دا ڕێگاکەیان درێژە بدا و بوو بە پێشمەرگە .

لە شەڕی "ملەی بوانە" کە شەهید "حیسام ئەسعەدی" فەرماندەیی دەکرد لێهاتوویی لە جەنگاوەری و فەرماندەییدا، سالاری بەوەج و کارامەی دەرخست و بڕیار درا یەکێک لە فەرماندەرانی ئەو هێزە بێت. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دەبێتە فەرماندەری لکی شەهید "حەمە شەریف".

لە نێو کادر و پێشمەرگەکانی هێزی بێستووندا سالار ئیبراهیمی خۆشەویست و بەربژاری نوێنەرایەتیان بوو، لە کۆنفرانسی کۆمیتەی شارستانی کرماشاندا پاییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی وەک ئەندامی کۆمیتە و نوێنەری کۆنفرانس بۆ کۆنگرەی حەوتەمی حیزب هەڵدەبژێردرێ .

 ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە پێکهاتنی مەڵبەندی یەکی کوردستان وەک بەرپرسی نیزامی ناوچەی کرماشان دیاری دەکرێ، هاوینی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بوو بە فەرماندەی چالاکی نیزامییەکانی هێزی زاگرۆس و لە ماوەیەکی کورتدا پلەی جێگری فەرماندەری هێزی زاگرۆسی وەدەست هێنا.

فەرماندەی قارەمان، لە بۆسەیەکی خۆفرۆشانی ناوچەکەدا لە ئاویسەری دەژن دەپێکرێ و ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی لە ئامێزی هاورێکانیدا گیانی بەختی سەربەرزی نیشتمانەکەی دەکات و تێکەڵ بە هاوڕێیانی هەمیشە زیندووی دەبێ.

شەهید "ئیسماعیل ئیبراهیمی" برای شەهید سالار ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی، لە گوندی گومەتە چاوی بە دنیا هەڵێنا. ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٩ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ دوژمنانی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.

گڵکۆی شەهید سالار و ئیسماعیل لە گوندی "گومەته" سەر به شاری کامیارانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، خزم و کەسوکاریان دەکات و خۆی به شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.