کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد

10:22 - 1 خەرمانان 2720

دایە "شەمسی هێمەت خا" دایکی شەهیدان "جەلال و جەماڵ پیرزادە"، لە دوای تەمەنێک ژیانی سەربەرزانە، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە شاری "سنە" کۆچی دوایی کرد.

دایە "شەمسی" هەموو کاتێک بە شانازییەوە باسی کوڕە شەهیدەکانی دەکرد و خۆی بە سەربەرز دەزانی کە دوو جگەرگۆشەکەی پێشکەشی بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.

ناوبراو هەتا کاتی مردن بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی وەفادار مایەوە و هەموو کاتێک باسی حیزبی دێموکراتی بۆ لاوەکان دەکرد و بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات هانیانی دەدا.

شەهید "جەماڵ پیرزادە" لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە شاری "سنە"یە و لە دەرگیرییەکی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی نێو شاری سنە لە ساڵی ١٣٥٩دا شەهید بوو.

شەهید "جەلال پیرزادە" لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری "سنە"  لەدایک بووە و لە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٦١ لە شەڕ لەگەڵ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی تاران لە تەجەرەی سنە چووە کاروانی نەمرانی شەهیدانی کوردستانەوە.

دایە "شەمسی" بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی "بێعسەتـ"ـی سنە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانێت.