کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە سنە کۆچی دوایی کرد

11:42 - 25 خەزەڵوەر 2720

دایە "مەحبووبە زارعی" دایکی شەهیدان "شوکروڵڵا و حەبیبوڵڵا ئەڵڵاوەیسی" لە دوای تەمەنێک ژیانی سەربەرزانە لە گوندی "کۆرکۆرە"ی سەربە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "مەحبووبە" هەموو کاتێک بە شانازییەوە باسی لە کوڕە شەهیدەکانی دەکرد و خۆی بە سەربەرز دەزانی کە دوو جگەرگۆشەی لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستاندا شەهید بوونە.

شەهید "شوکروڵڵا ئەڵڵاوەیسی" کوڕی دایە "مەحبووبە" ساڵی ١٣٣٥ لە گوندی "کۆرکۆرە" لەدایک بووە و لە کاتی پێشمەرگایەتیدا بەهۆی لێهاتوویی و لێوەشاوییەوە پلەی فەرماندەری لکی پێدراوە و لە زۆر شەڕ و تێکهەڵچوون دژی هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئێراندا قارەمانییەتی نواندووە.

شەهید "شوکروڵڵا" لە ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە "میراوا"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت و گڵکۆی پیرۆزی لە "قوروە"یە.

شەهید "حەبیبوڵڵا ئەڵڵاوەیسی" کوڕە شەهیدێکی دیکەی دایە "مەحبووبە" ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە گوندی "کۆرکۆرە" لەدایک بووە و  ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ شەهید "شوکروڵڵا"ی برای لە شەڕی "میراوا"  گیانیان لە ڕێگەی ئازادی و ڕزگاری نیشتمانەکەیاندا بەخت دەکەن.

گڵکۆی ناوبراو لە "میراوا"یە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "مەحبووبە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.