کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:51 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدان "مستەفا و محەممەدڕەحیم ئەسەدی" لە گوندی "خۆڵینه"ی هەوشار، دوای تەمەنێکی پڕسەروەری ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ی سەرماوەز، دایە "خاوەر نەعیمی" دایکی شەهیدان "مستەفا و محەممەدڕەحیم ئەسەدی"، خەڵكی گوندی خۆڵینەی سەرچۆمی جەغەتووی هەوشار، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە خاوەر ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو. لە هەر شوێن و کۆبوونەوەیەک، پشتیوانیی خۆی لە حیزب دەردەبڕی و بەرگریی لە بیر و باوەڕی ڕۆڵە شەهیدەکانی دەکرد.

ناوبراو کەسایەتییەکی ئازا و بەجەرگ بوو و زۆر جاریش لەلایەن ڕێژیم و بەتایبەت سیخوڕ و بەکرێگیراونی ڕێژیم ئازار و ئەزیەت دەکرا، بەڵام دایە خاوەر هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکانی وەفادار مایەوە.

شەهید "مستەفا ئەسەدی" ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە گوندی خۆڵینە لەدایک بوو. دوای هێرشی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئاخوندی بۆ سەر کوردستان پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو.

شەهید مستەفا، سەرئەنجام لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "سەرتەختـ"ـی سەقز تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو بێسەروشوێنە.

هەروەها شەهید "محەممەدڕەحیم ئەسەدی" لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی پەت و سێدارە لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە ناوچەی "ئالانـ"ـی سەردەشت، تێکەڵ بە کاراونی شەهیدان بوو.

تەرمی دایە خاوەر لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.