کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی کوردستان لە بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد

10:25 - 29 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر دایە "مەریەم کەڕامەت" دایکی شەهیدان مەولوود و سەعید ڕۆستەمی" بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 دایە "مەریەم" ژنێکی شۆڕشگێر، نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو. کاتێک کە لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی  ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕێکدا لەنێوان پاسدارانی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندی "عەوڵاباتـ"ـی ناوچەی "محاڵی مەهاباد" هاتە ئاراوە کوڕێکی بە ناوی "مەولوود ڕۆستەمی" شەهید بووە.

دایە "مەریەم" بڕیاری دا کە نابێ چەکی شەهید "مەولوود" بکەوێتە عەرزی و سەنگەری خەباتی بە بەتاڵی بمێنێتەوە هەر زۆر زوو کوڕێکی دیکەی بە ناوی "سەعید ڕۆستەمی" ناردە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

ئەو کوڕەی ناوبراو لە هێزی شەهید "پێشەوا" و لە لکی دووی ئەو هێزە چەکی کاکی شەهیدی لەشان کردوو جێگای پڕ کردەوە. بەداخەوە ناوبراو لە دووای دوو ساڵ پێشمەرگایەتی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٤ لە گوندی "کانی خەلیل" لە شەڕ و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت و درێژەی خەباتی بە هاوسەنگەرانی دەسپێرێت.

دایە "مەریەم" هەتا دوواهەناسەی ژیانی هەروا وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی و هەموو شەهیدانی کوردستان مایەوە.

تەرمی ناوبرا لەسەر وەسیەتی خۆی لە تەنیشت گڵکۆی شەهید "مەلوود" بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپیردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو ژنە تێکۆشەرە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.