کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی کوردستان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە کۆچی دوایی کرد

15:58 - 20 سەرماوەز 2721

ڕۆژی  شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "سوڵتان دەرویشی"، ناسراو بە "حاجی ژن واڵێ"، دایکی شەهیدان "حەبیبوڵڵا و لەتیف تەنهایی"، خەڵکی گوندی "گەلێن" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، دوای تەمەنێکی پڕ لە شانازی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "سوڵتان" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە بە ڕێگا و ڕێبازی دوو کوڕە شەهیدەکەی شانازیی دەکرد و پێی سەربەرز بوو.

شەهید "حەبیبوڵڵا تەنهایی" ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە گوندی "گەلێن" لەدایک بووە. ناوبراو دوای پەیوەندیگرتن لەگەڵ حیزبی دێموکرات، بووە بە ئەندام و لە هێزی "زاگرۆس" سازمان دراوە و ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "حەبیبوڵڵا" ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کرا و پەیوەست بە کاروانی سوورخەڵاتانی کوردستانەوە بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "سنە"یە.

شەهید "لەتیف تەنهایی" کوڕەکەی دیکەی دایە "سوڵتان"، لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە گوندی "گەلێنـ"ـە. ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و گەلەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.

دەرەنجام شەهید "لەتیف" ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە "سەرتەنگیسەر" تێکەڵ بە کاروانی هەرگیز نەمران بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "سەرتەنگیسەر"ە.

دایە "سوڵتان"، هەتا دواهەناسە بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر برد.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکرات، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "سوڵتان" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.