رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "مەنیج فەقری" دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە شاری ''تورکو'' لە وڵاتی فینلاند کۆچی دوایی کرد.
''مەنیج فەقری'' هاوسەری کۆچکردوو "سەید محەممەد نیزامی" و دایکی شەهید "سیامەک نیزامی" کادری تێکۆشەری حیزب و شەهید "سیاوەش نیزامی" بوو.
بنەماڵەی دایە مەنیج و سەید محەممەد نیزامی، بنەماڵەیەکی خەباتکار و تێکۆشەر بوون و لە پێناو ئامانجی بەرزی نەتەوەکەیاندا دژی زوڵم و داگیرکاریی دوژمنانی کوردستان، تێکۆشاون و لەم ڕێبازەدا قوربانییان داوە.
ئەم بنەماڵە تێکۆشەرە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بەردەوام لەژێر چاوەدێری و گوشاردا بوون، بە جۆرێک کە "سەید محەممەد نیزامی" هاوژینی دایە مەنیج، پاش شەهیدبوونی هاوڕێ سیامەک کە لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ پێنج کادر و پێشمەرگەی دیکەی حیزب و گەل لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار شەهید ببوون، ناچار بوو کوردستان بەجێ بهێڵێت و بێتە نێو ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و تا دواهەناسەکانی ژیانی لەم ڕێبازەدا درێژەی بە خەبات دا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە "مەنیج فەقریـ"ـیەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.