کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی سێ شەهیدی سوورخەڵات کۆچی دوایی کرد

12:59 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دایکی سێ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی بانەمەڕ، دایە ''گەوهەر سادقی'' دایکی سێ شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی '' عەباس"، "شەهریار" و "شاپوور'' شەریعەتی، لە شاری سنە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید ''عەباس شەریعەتی''، کادری کۆمیتەی شارستانی سنە، لە ڕێکخراوی ناوچەی حوسێناوا، لە ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە، ناوبراو لە تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی تاریکپەرەستی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەگەڵ ١٥ هاوڕێی دیکەی لە ناوچەی گاوەرۆ، گوندی میرئاوای ڕەمشت، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید ''شەهریار شەریعەتی''، تەشکیلاتی نھێنی نێو شار بوو، کە لە لایەن ڕێژیمەوە لە رێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٦٧ی هەتاوی،  لە شاری سنە لەسێدارە درا.

شەھید ''شاپوور شەریعەتی'' پیشمەرگە و کادری کومیتەی شاری سنە و ڕێکخەری تەشکیلاتی نێو شاری سنە لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی،  لە گەڵ چەند ئەندامی نھێنیی شاری سنە،  لە لایەن ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و دوایی لە سێدارە دران.

شایانی باسە، کاک ''نەجمە شەریعەتی'' باوکی ئەم سێ شەهیدە و پووری ناوبراون لە کاتی پرسە و سەرەخۆشی شەھید شاپووردا، به هۆی بارگرانی و قورسایی ئەو خەمە، دڵیان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

تەرمی دایە گەوهەر لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی سنە و ناوچەکانی به خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ کۆچی دوایی دایە گەوهەر، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری نابراو دەکات و خۆی به شەریكی خەمیان دەزانێت.