کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی سێ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:51 - 10 رێبەندان 2719

دایە "ئاهوو فەتاحی"، خەڵکی پاوە، دایکی سێ شەهیدی سوورخەڵاتی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

 دایە "ئاهوو" دایکی سێ شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکانیەوە دەکرد.

ئەو دایکە قارەمانە دایکی شەهیدان "لەتیف، ئیبراهیم و سەفیار حوسێنیـ"ـیه.

شەهید "لەتیف حوسێنی" لە گوندی "خانەگا" لەدایک بووە. دوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست به هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو. ناوبراو ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٥٨ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئێران لە گوندی خانەگا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید "ئیبراهیم حوسێنی" یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی دایە "ئاهوو"، ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لەدایک بووە. ناوبراویش دواتر چەکی پارێزگاری لە خاک و نیشتمانەکەی لە شان کردووە. سەرئەنجام ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٥٨، لە شەڕێک دژی جەلادەکانی خومەینی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی شەهیدان "لەتیف و ئیبراهیم" لە گوندی "خانەگا"دایە.

شەهید "سەفیار حوسێنی"، ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە دەبێت به‌هۆی لێهاتووییەوە، کادری دەرجە ٤ی پێ دەبەخشرێت. ناوبراو لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "پشتی مێرۆ" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە. تەرمی پیرۆزی شەهید "سەفیار" هەر لەو شوێنەدا بە خاک دەسپێردرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ ئەو دایکە قارەمانە، سەرەخۆشی لە بنەماڵه، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.