دایە "خەدیجە بیادار" هاوسەری کاک "عەلی ئارامش" پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و دایکی سێ شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
دایە "خەدیجە" دایکی شەهیدان "کەریم و سلێمان ئارامش و محەممەد ئاقابەیگی" بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شەهید "محەممەد ئاقابەیگی" ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە گوندی "سەرا" لەدایک بووە. دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە هێزی پێشمەرگەوە و لە هێزی "بەیانـ"ـدا سازمان دراوە. ناوبراو بەهۆی تۆپبارانەکانی ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ساڵی ٦١ی هەتاوی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
شەهید "سلێمان ئارامش" ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی "عەسکەرئاباد" لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە هێزەکانی ڕێژیمی خومەینی هێرشیان کردە سەر کوردستان، چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان دەکات و لە هێزی "پێشەوا"دا سازمان درا. ناوبراو ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٦٥ی هەتاوی لە شەڕێک دژی داگیرکەران لە شوێنێک بە ناوی "حاجی ئاباد" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
هاوکات کوڕێكی دیکەی دایە "خەدیجە" بە ناوی "کەریم ئارامش" شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانە. شەهید "کەریم" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی "عەسکەرئاباد" لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە ڕێژیمی داگیرکەر هێرشی کردە سەر کوردستان، بووە بە پێشمەرگە. ناوبراو بەهۆی لێهاتووییەوە بووەتە سەرلک و وەک فەرماندەیەکی لێوەشاوە ئەرکی پێشمەرگایەتیی خۆی بەڕێوە بردووە. ناوبراو ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەی ٦٠ی هەتاوی لە شوێنێک بە ناوی "حوسێن مامە" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
دایە "خەدیجە" ژنێکی خۆشەویست و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچەکە بووە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دهربڕینی خهم و پهژارهی خۆی، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.