کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی سەروان "ئەحمەد جاویدفەر'' خەڵکی شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد

12:38 - 30 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی دایە "عایشە عەزیززادە" دایکی شەهید سەروان "ئەحمەد جاویدفەر" ناسراو "بە کاک "هەژار" لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "عایشە"، ساڵی ۱۳۰٥ی هەتاوی لە گوندی "قوم قەڵا" سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بووە. ناوبراو دایکێکی شۆڕشگێر و خۆڕاگر لە هەگبەی ژیانیدا، تەنیا لە مەودای یک مانگدا لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، دوو کوڕی سەربەرزانە و بە شانازییەوە، گیانیان پێشکەش بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانى ئيران کردووە.

دایە "عایشە" دایکی یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکرات واتا کاک "هەژار" بووە. ئەو هەمیشە شانازیی بەوە دەکرد کە کوڕێکی لە ڕێگای ئازادیی کوردستاندا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.

کاک "هەژار" ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی "قوم قەڵا" لەدایک بووە. لە تەمەنی ٧ ساڵیدا ڕوانەی قوتابخانە و بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕەوانەی شاری مەهاباد کراوە.

ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی دوای خزمەتی ئیجباریی سەربازی لە زانکۆی ئەفسەریی تاران وەردەگیردرێت. لە ماوەی خزمەتی لە ئەرتشی ڕێژیمی پەهەلەویدا هەست بەوە دەکات کە ئەو ڕێژیمەوە چەنده ستەمکارە.

سەروان "ئەحمەد" ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی پێوەندی نهێنی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووە. دواتر ڕیزەکانی ئەرتشی بەجێهشێت و پەیوەست بوو بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە. سەرەتا بووەتە جێگری لکی هێزی "پێشەوا" و دواتر  وەک فەرماندەری هێز دیاری کراوە.

لە ماوەی پێشمەرگایەتییدا چەندین حەماسەی لەبیرنەکراوی خولقاندووە. شەهید سەروان ''ئەحمەد جاویدفەر'' خەڵکی شاری مەهاباد ئەفسەرێکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەری کورد بوو کە لە گرتنی پادگانی مەهاباد ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری هەبوو.

کاک هەژار لە گوڕەپانی خەباتدا، فەرماندەی هێزی پێشەوا و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، پاش چەندین جار برینداربوون لە ڕێكەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٦٠ هەتاوی لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە ڕێگای بانە ـ سەردەشت شەهید كرا.

هەروەها کوڕێکی دیکەی دایە "عایشە" بە ناوی شەهید "سلێمان جاویدفەر" ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٠ لە شاری مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێعدام کراوە و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.

تەرمی دایە "عایشە" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ ئەو دایکە تێکۆشەر سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.