کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "جەلیل جەماڵزادە" لە سەقز کۆچی دوایی کرد

09:27 - 13 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ۱۳۹۹ی هەتاوی، دایە "خەدیجە جانمەردی" دایکی شەهید "جەلیل جەماڵزادە" دوای تەمەنێک پڕ سەروەری، لە سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "خەدیجە" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی دەکرد کە جگەرگۆشەیەکی گیانی خۆی لە ڕێگای ئازادیی کوردستان فیدا کردووە.

شەهید "جەلیل جەماڵزادە" لە ڕێکەوتی ۱ی ڕێبەندانی ۱۳۳۹ی هەتاوی لە سەقز لەدایک بووە. ناوبراو لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێران و هێرش بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و وەکوو کادری دەرەجە ٤ ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە بردووە.

شەهید "جەلیل" ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ ۱۹ کەسی دیکە کە زۆربەیان کەسانی نیزامی بوون و پلەی وەک ستوان و گرووهبان و ئۆستواریان هەبووە، بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر تیپی ڕێژیم لە سەقز و هەروەها هێرش بۆ سەر گوردانەکانی کە لە سنە و کرماشان بۆ سەرکوتی خەڵک ڕەوانەی سەقز کرابوون، دەسبەسەر کران.

دوای دەسبەسەرکرانی ئەو بیست کەسە و تۆمەتی وەپاڵدراویان، به بڕیاری "سادق خەلخاڵی" لە دادگایەکی سەحرایی، لە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ۱۳٥٨ی هەتاوی، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا و تیرباران کران. گڵکۆی شەهید "جەلیل جەماڵزادە" لە سەقزدایە.

تەرمی دایە "خەدیجە" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.