کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "عەباس ئەکرەمی" لە شاری "تیکاب" ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:01 - 23 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممه ڕێکەوتی ۲۲ی پووشپەڕ دایه "ئامینه مەولوودی" دایکی شەهید "عەباس ئەکرەمی" خەڵکی ناوچەی هەوشار دانیشتووی شاری "تیکاب" لە تەمەنی ۱۰۲ ساڵیدا بەهوی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

دایه ئامینه ژنێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەی دەکرد.

کاک "عەباس" ساڵی ۱۳٤۲ی هەتاوی لە گوندی "داشبڵاغ" لەدایک بووه.

دوای هێرشی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کاک "عەباس ئەکرەمی" پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەبێت و بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد.

ناوبراو دوای ئەوەیکە پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەوە دەبێ بەهۆی لێهاتوویی  و دوایی بڕینی پلە تەشکیلاتییەکان دەتوانێت ببێت بە جێگری هێز و ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی بەڕێوه ببات.

کاتێک بووەتە جێگری هێز تەمەنی ۲۲ ساڵ بووه.

سەرئەنجام کاک "عەباس" ڕێکەوتی ۲۲ی بەفرانباری ۱۳٦٤ی هەتاوی لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی "ئەوڕەزاق" تێکەڵ به کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی شەهید "عەباس" لە "دەرەپەمانـ"ـه.

تەرمی دایه "ئامینه" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بە کۆچی دوایی دایه "ئامینه" سەرەخۆشی لە بنەماڵه و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.