کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید عەبە ڕەش لە سەقز کۆچی دوایی کرد

20:11 - 15 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ دایە "فاتمە ئەحمەدپوور"، دایکی شەهید "عەبدوڵڵا یاسینی" ناسراو بە "عەبە ڕەش" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید "عەبدوڵڵا" پێشمەرگەیەکی ئازا و خوێندەوار بوو کە دوای هێرشی ڕێژیمی تاران بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان بووە پێشمەرگە و لە ماوەی چەندین ساڵ خەبات و تێکۆشانیدا ئەوپەڕی توانای خۆی بۆ خزمەت بە گەلەکەی خستە گەڕ و لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەکرد.

شەهید "عەبدوڵڵا" لە دەیان عەمەلیاتی گەورەدا بەشداری کرد؛ لەوانەش گرتنی پایگای "ئیمام" لە سونەتە، شەڕی حەماسیی "دەرەقووڵە و خۆشێنان"، شەڕەکانی  ناوچەی "خوڕخوڕە" و ڕێگای سەقز بۆ سنە  و هەروەها لە شەڕەکانی نێو شاری سەقز،  قارەمانییەتی لە خۆی نواند.

لە ساڵی ٦٢ی هەتاوی وەک سەرپەل لە لکی ٢ی شەهید "حوسێن موحتەرەمی" دیاری کرا  و زۆرتر لە جاران بە هەست بە بەرپرسیارەتی خزمەتی بە حیزب و گەل دەکرد.

سەرئەنجام لە پاییزی ساڵی ٦٢ی هەتاوی کە ڕێژیمی داگیرکەر لە دوو قۆڵەوە  لە شاری "سەقز و بانە"وە هێرشی هێنایە سەر گوندەکانی "شیپانەجۆ ، سیانەزار و بەیاندەرە" لە ماوەی دوو ڕۆژ خۆڕاگری و فیداکاری بە داخەوە چوار پێشمەرگەی کوردستان کە بریتین لە: "عەبدوڵڵا یاسینی ناسراو بە "عەبە ڕەش"، "محەممەد مێهدی" خەڵکی شیپانەجۆ، "باقی و وەهاب ئەمیری" کە برای یەکتر بوون، گیانیان فیدای ڕزگاریی کورد و کوردستان کرد و شانازییەکی گەورەیان لە مێژوودا تۆمار کرد.

تەرمی دایە فاتمە لە زێدی خۆی و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە و خۆشەویستانی ڕێبازی شەهیدان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "فاتمە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.