ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانان دایە "فاتمە عەبدی" دایکی شەهید "فەرەج شاەمورادی" یەکێک لە شەهیدەکانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "فاتمە" لە بنەماڵەیەکی شەهیدپەروەری ناوچەی "هەوشار" لە گوندی "گوێ ئاغاج" لەدایک بووە. ئەو ژنێکی دڵسۆز و تێکۆشەر بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەی دەکرد.
هاوکات برایەکی دایە "فاتمە" بە ناوی "ئەحمەد عەبدی" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە کە لە شەڕ دژی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئێران تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.
شەهید "فەرەج شاەمورادی" لە گوندی "گوێ ئاغاج" لەدایک بووە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە هێرش دەکاتە سەر کوردستان چەکی بەرگری لە خاکی کوردستان لە شان دەکات.
ناوبراو ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی "سووروسات" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە. شەهید "فەرەج" بەهۆی لێهاتوویی دەتوانێت ببێتە فەرماندەری لک و ئەرکی حیزبیی خۆی بەڕێوە ببات.
گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "گۆزەبڵاغـ"ـه.
شەهید "ئەحمەد عەبدی" برای دایە "فاتمە" لە گوندی "گوێ ئاغاج" لەدایک بووە. ناوبراو بەهۆی لێهاتوویی دەتوانێت ببێتە سەرپەل. شەهید "ئەحمەد" ڕێکەوتی ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە شوێنێک بە ناوی "خوڕەم تای سەقز" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.
گڵکۆی ناوبراو لە "کەسنەزانـ"ـه.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بە لەدەستدانی ئەو ژنە تێکۆشەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "فاتمە" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت