کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "محەممەد ڕەحیمی" لە شاری "سنه" کۆچی دوایی کرد

12:09 - 12 پووشپەڕ 2721

ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی دایە "حاجیە سیاپوور" دایکی شەهید "محەممەد ڕەحیمی" لە شاری "سنە" لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کوڕێکی دایە "حاجیە" بە ناوی شەهید "محەممەد ڕەحیمی" پێشمەرگەی کوردستان بووە. شەهید "محەممەد" لە دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

شەهید "محەممەد" ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری "سنە" لەدایک بووە. ناوبراو بەهۆی لێهاتوویی توانی ببێتە جێگر لک و وەک فەرماندەی هێزی "ئیسماعیل شەریف زادە" ئەرکی حیزبی بەڕێوە ببات.

سەرئەنجام شەهید "محەممەد"ی قارەمان و لێهاتوو ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی گوندی "کێلە چەرموو" سەر بە ناوچەی "لەیلاخی سنە" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گوندی  "کێلە چەرموو"یە.

دایە "حاجیە" ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە بە شانازییەوە باسی لە کۆڕەکەی دەکرد.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "حاجیە" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.