ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەر دایە "هەمین عەبدوڵڵاپوور" دایکی شەهید "مەحموود تاجیکنیا"، خەڵکی گوندی "بندڕێ" و دانیشتووی "پیرانشار" لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "هەمین" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.
شەهید "مەحموود تاجیکنیا" ساڵی ١٣٤٠ هەتاوی لە گوندی "بندڕێ" لەدایک بووە. ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.
دەرەنجام شەهید "مەحموود" لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی "گۆزەشکێن" تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "دایەشێخیـ"ـدایە.
دایە "هەمین" هەتا دواساتەکانی ژیانی سەربەرز بوو کە جگەرگۆشەیەکی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە. تەرمی ناوبراو لە شاری پیرانشار بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "هەمین" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.