کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "ڕەئووف خزرئەلیاسی" لە دیواندەرە کۆچی دوایی کرد

09:56 - 28 رەزبەر 2720

ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "گوڵئەندام جیهانی" دایکی شەهید "ڕەئووف خزرئەلیاسی"، خەڵکی "دیواندەرە"، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "گوڵئەندام" ژنێکی نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە شانازیی دەکرد کە جگەرگۆشەیەکی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.

شەهید "ڕەئووف خزرئەلیاس" لە "دیواندەرە" لەدایک بووە. دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات، وەکوو کادری دەرەجە ٣، ئەرکە حیزبییەکانی خۆی چالاکانە بەڕێوە دەبرد.

دەرەنجام شەهید "ڕەئووف" لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی "حاجی سەیی" شەهید و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "برایماوا"یە.

دایە "گوڵئەندام" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.