کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "یاسین کەریمی" کۆچی دوایی کرد

10:57 - 25 خەزەڵوەر 2720

دایە "گوڵشەن هێمەتی" دایکی شەهید "یاسین کەریمی" لە گوندی "شمشێر"ی پاوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "گوڵشەن" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و هەتا کۆتایی ژیانی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی وەفادار و دەروەست مایەوە.

شەهید "یاسین" ئەندامێکی هەڵسووڕ و نەسرەوتووی حیزب بوو و هەر بۆیە لە ڕێگای پاراستن و خاوەنداریەتی لە ژینگە و دارستانەکانی نیشتمان گیانی فیدای نەتەوە و گەلەکەی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگە بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.

ئەو سێ چالاکە ژینگەپارێزییە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "بۆزین و مەرەخێڵ"، تووشی ئەو ڕووداوە بوون و سەرئەنجام لە گەمارۆی ئاگردا گیانیان فیدای خاک و ژینگەی کوردستان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "گوڵشەن" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.