کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "ئیبراهیم مەسجدی" ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:27 - 28 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە دایە "نەجیبە وەیسە" خەڵکی سەقز دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ژنێکی بە ورە و نیشتماندۆست بووە و لەوەیکە کوڕێکی شەهید ببوو هەمیشە بە شانازییەوە باسی لە ڕێبازەکەی دەکرد.

تەرمی دایە "نەجیبە" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

شەهید "ئیبراهیم مەسجدی" لە شاری سەقز لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە گەیشتووەتە تەمەنی لاویەتی و ڕێژیمی خومەینی هێرشی کردبووە سەر خاکی کوردستان، شەهید "ئیبراهیم" وەک زۆرێک لە لاوانی هاوتەمەنی خۆی پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە.

ناوبراو لە هێزی "بەیانـ"ـدا سازمان درابوو.

سەرئەنجام شەهید "ئیبراهیم" لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە گوندی "بۆبەکتان" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "نەجیبە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.