کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدان "ڕەسووڵ و محەممەد عەزیزی" لە وڵاتی "سوید" ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:21 - 16 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردان، دایە "مریەم ڕۆستەم پوور" دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان "محەممەد و ڕەسووڵ عەزیزی" و خەڵکی گوندی "بێورانی خوارێ" سەر بە شاری "سەردەشت"، بەهۆی نەخۆشی لە وڵاتی "سوید" کۆچی دوایی کرد.

شەهید "ڕەسووڵ عەزیزی" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی "بێورانی خوارێ" لەدایک بووە و پاشان لە تەمەنی لاوەتیدا چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە و هاتووەتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە. شەهید "ڕەسووڵ" لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا ئازایانە بەرگریی لە خاک و گەلەکەی کردووە و بەداخەوە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٧٠ لە شوێنێک بە ناوی "دووپەزە" سەر بە "سەردەشت" لە شەڕ و دەرگیرییەکی قارەمانانەدا دژ بە داگیرکرانی کوردستان، شەهید بووە.

شەهید "ڕەسووڵ" بەهۆی لێهاتوویی و زیرەکییەوە پلەی سەرلکیی پێ درابوو و لە کاتی شەهیدبوونیدا پلەی سەرلکیی هەبووە.

هەروەها شەهید "محەممەد عەزیزی" ناسراو بە "حەمە عەزیز"، ساڵی ١٣٣٥ لە گوندی "بێورانی خوارێ" لەدایک بووە و لە تەمەنی لاوەتیدا پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە بووە و بە شانازییەوە ئەرکە حیزبییەکەنی ڕاپەڕاندوون و بەهۆی لێهاتوویی و قارەمانبوونی پلەی سەردەستەیی پێ بەخشرا بوو. بەداخەوە سەرئەنجام شەهید "محەممەد" ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٣٦٤ بەهۆی تۆپبارانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە "بێوران" شەهید بووە.

دایە "مریەم" سەرەڕای ئەوەیکە دوو جگەرگۆشەی قارەمانی لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستاندا بەدەستی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران شەهید ببوون، بۆ یەک چەرکەش ورەی بەرنەدا و دەیوت: "ئەگەر هەموو کوڕەکانی دیکەشم لەو ڕێگە پیرۆزەدا شەهید بن، بۆ ئێمە سەربەرزییە و ئێمە سەربەرزین کە کوڕەکانم لە ڕێگەی گەل و نیشتمانەکەماندا گیانی خۆیان بەخت کردووە".

دایە "مریەم" خەڵکی گوندی "بێورانی خوارێ" لە ساڵی ١٩٩٨ی زایینییەوە وەکوو پەنابەر لە وڵاتی "سوید" نیشتەجێ بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە "مریەم" و خەڵکی گوندی "بێورانی خوارێ" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.