کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی حیزب لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد

13:47 - 1 بانەمەڕ 2719

 کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی هەینی، ٣٠ی خاکەلێوە، دایە "سوغرا ئەحمەدزادە"، دایکی شەهید "فەرهاد شوکروڵلاهی"، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا لە شاری سەقز، کۆچی دوایی کرد.

شەهید "فەرهاد شوکروڵاهی"، ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی، لە شاری سەقز لە دایک بووە و پاش پەیوەست بوونی بە ڕیزی خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکەوت ٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا کە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و ڕێژیمی تاریکپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاتبووە ئاراوە، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

شەهید "فەرهاد شوکروڵڵاهی" لە شوێنێک بە ناوی "کێوی نهێنی"، سەر بە شاری سەقز، شەهید کرا و تەرمی ناوبراو هەر لە شاری سەقز بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.

هەروەها کوڕێکی دیکەی خوالێخۆشبوو، بە ناوی "فەرەیدوون شوکروڵلاهی"،  ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و هەنووکە  لە وڵاتی کانادا نیشتەجێیە.

 تەرمی دایە سوغرا، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا. 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.