کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:03 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دایە "عیسمەت خەلیلی ئازەرنیا" دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  دایە "عیسمەت خەلیلی ئازەرنیا"، خەڵكی شاری بۆکان و هاوسەری "عەبدوڵڵا سامبەگی" ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ ڕێبەندان، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک عەبدوڵڵا یەکێک لە چالاکانی سیاسیی شاری بۆکان بوو  و لە سەردەمی "موسەدقـ"ـدا چالاکیی بەرچاوی هەبوو.

ناوبراو، بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە تاران زیندانی کرا و لە لایەن ئاغاکانی بۆکانیشەوە، به هۆی چالاکییەکانی هەتا ڕادەیەک تووشی ئازار و ئەزیەت بوو. بۆ پرسی کورد زۆر بە پەرۆش بوو و لە سەردەمی ڕێژیمی شادا پێوەندیی بە شۆڕشی کوردستانی باشوورەوە گرت و هاتووچۆی زۆری دەکردن.

کاک عەبدوڵڵا لە ئاکامدا لە ساڵی ١٣٥٢، کاتێک کە تەمەنی ٣٧ ساڵ بوو، لە لایەن ڕێژیمی سەدام حوسێنەوە لە سێدارە درا. دایە عیسمەت لە تەمەنی کەمتر لە ٤٠ ساڵیدا هاوژینەکەی لە دەست دا. بە هۆی ئەوەی کە مردنی کاک عەبدوڵڵای هاوسەری وەک دەنگۆ وابوو، ناوبراو ساڵانێکی زۆر لە ئەم شار بۆ ئەو شار لە عێراق و ئێراندا بە دوای شووی بێسەروشوێنی خۆی دەگەڕا.

کوڕی گەورەی دایە عیسمەت بە ناوی "سەلاح سامبەگی"، لایەنگر و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە دواتر لە لایەن هێزی داگیرکەری ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و زیندانی کرا.

ناوبراو بۆ ماوەی ٥ مانگ چاوی بە بنەماڵەکەی نەکەوت و  لە ئاکامدا لە ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ١٣٦٢، لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، لەگەڵ چەند گەنج و لاوی بۆکانی، لە لایەن جەللادەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە سێدارە درا. 

جەللادانی ڕێژیمی خومەینی، ڕۆژی دوای ئێعدام چەند کۆگا خۆڵیان نیشانی بنەماڵەی ئێعدامکراوان دا، کە ئەوە شوێنی منداڵەکانتانه.

هاوکات کوڕی نێونجیی دایە عیسمەت، بە ناوی بەهمەن، لە ساڵی ١٣٦٢ ڕووی کردە گوندی نۆبار و بووە پێشمەرگی حیزبی دێموکرات، شەهید بەهمەن، لە ڕۆژی ٩ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٢ لە بەرزاییەکانی گوندی  "عەربەنووسـ"ـی بۆکان لە شەڕ لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمدا گیانی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. لە ماوەی کەمتر لە مانگێک، دایە عیسمەت، دوو جگەرگۆشەی خۆی لە دەست دا.

ئەو ژنە تێکۆشەرە ئەگەرچی ئەزموونی تاڵیی و سوێریی ژیانی زۆر بوو، سەرەڕای ئەم کێوە پەژارە و دەردە هەمیشە بزە و پێکەنین میوانی سەر لێوانی بوو، بەردەوام قسەی خۆشی دەکرد، هەمیشە دڵگەرمیی بوو بۆ دۆستان و ئاشنایانی. ئەو کۆڵەکەیەک بوو لە بوێری، خۆڕاگریی و ئازایەتیی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی بۆ لەدەستدانی ئەو ژنە تێکۆشەرە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.