کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە بۆکان کۆچی دوایی کرد

18:51 - 20 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پینجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، دایە ''مریەم ڕەسووڵزادە'' دایکی شەهید ''سوڵتان حاجی ڕەسووڵی'' خەڵکی گوندی ''ئاڵیکەند''ی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە ''مریەم'' کەسێکی دڵسۆز، نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و کوڕێکی ناوبراو بە ناوی شەهید ''سوڵتان حاجی ڕەسووڵی'' ناسراو بە ''دوکتور سوڵتان'' بە دەستی ڕێژیمی ئێران شەهید کراوە. ناوبراو دوای پێوەستبوونی بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دڵسۆزانە ئەرکی حیزبیی بەڕێوە بردووە و پلەکانی سەرکەوتووانە بڕیوە و بووەتە کادری دەرجە ٣ی حیزبی دێموکرات.

شەهید سوڵتان ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٦٥ی هەتاوی لە میاندواو بە دەستی هێزە دژە گەلییەکانی ڕێژیمی ئێران ئێعدام کرا.

هەروەها کوڕێکی دایە مریەم بە ناوی ''ڕەحیم (شەماڵ) حاجی ڕەسووڵی'' لەنێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدایە و بۆ گەل و نیشتمان خەبات دەکات.

لە سەرەتای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات و دامەزرانی بنکەیەکی حیزب لە گوندی ئاڵیکەند، ماڵی دایە مریەم لەو گوندە هەمیشە جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە.

ناوبراو بەهۆی ئەوەیکە خزمەتێکی زۆری بە پێشمەرگەکان بە تایبەت پێشمەرگەکانی هێزی بەیان کردووە، هەموو پێشمەرگەکان بە ''دایە مریەم'' بانگیان کردووە.

تەرمی دایە مریەم لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.