دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ''عایشە شەمعی'' خەڵکی شاری سەردەشت، دایکی شەهیدی فەرماندە ''محەممەد پەردەدار'' بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە عایشە ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبخۆشەویست بوو و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان بوو.
دایە عایشە سێ کوڕی ئازا و فیداکاری لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە کۆمیتەی شارستانی سەردەشت پێشمەرگە بوون کە لە هیچ فیداکارییەک درێغییان نەدەکرد.
یەکێک لە کوڕەکانی ناوبراو بە ناوی ''محەممەد پەردەدار'' کە فەرماندەیەکی ئازا و فیداکار و پارتیزانێکی بەوەج بوو کە سەردەستەی دەستەی زەربەتی هێزی ''شەهید موعینی'' بوو لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا لە بەرامبەرهێرش و پەلاماری دوژمن بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە پشتی گوندی ''تووژەڵی نێوزەنگ'' شەهید بوو و درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی بە هاوسەنگەرانی سپارد.
تەرمی دایە عایشە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.