کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە "سەقز" کۆچی دوایی کرد

13:57 - 7 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "نەهیە سوڵتانپەنا"، کچی ئاغا "ساڵحی سوڵتانپەنا" و ئەندامی وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دایکی شەهید "قادر ئیزەدپەنا"، خەڵکی گوندی "ڕەنگە‌ ڕێژان"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا، لە شاری "سەقز" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "نەهیە" ژنێکی لێهاتوو، حیزبدۆست، نیشتمانپەروەر، ڕووناکبیر، هۆگری شێعر و ئەدەب و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی "سەقز" بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی، بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و دواتر بوو بە ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات. و لە ڕێگای کوردایەتی هەمیشە سوور بووە و هیچکات لە کار و هەوڵی ڕوونکردنەوەی خەبات و شۆڕش ماندوو نەبوو.

شێخ "غەریب ئیزەدپەنا" هاوسەری "نەهیە خانم"، یەکێک لە کەسایەتییە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووە.

"نەهیە خانم" هەروەها خوشکی نەمران و خەباتگێڕانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، "قادرخان"، "ئەنوەرخان" و "ئاغە عەلی" سوڵتانپەنایە.

دایە "نەهیە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە.

تەرمی ئەو ئەندامە شۆڕشگێڕە لە زێدی خۆی، گوندی "ڕەنگە ڕێژان" بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە "نەهیە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.