کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە "شنۆ" کۆچی دوایی کرد

13:13 - 5 جۆزەردان 2720

ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "ئامینە خاوەران" دایکی شەهید "ئەحمەد بەرمووز" خەڵکی "شنۆ"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ئامینە" هاوژینی کاک "عەلی بەرمووز"، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە "مەهاباد" بووە و  ژنێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی هاوژین و هەروەها کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "ئەحمەد بەرمووز"، ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە گوندی "جەڵدیان" لەدایک بوو. دوای پەلاماری داگیرکەرانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

ناوبراو لە شەڕی نەغەدە بریندار کرا و دوای چەند ساڵ نەیتوانی واز لە پێشمەرگایەتی بێنێت و دیسان بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەی، چەکی شەرەفی لە شان کرد.

دەرەنجام شەهید "ئەحمەد" لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٥٩ی هەتاوی، لە شەڕێکی قورس لە شوێنێک بە ناوی "سەرگردە" سەر بە "پیرانشار" بریندار بوو  و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر کرا کە لە سنووری "تەمەرچیان" لەگەڵ سێ هاوڕێی تری بە هێلیکۆپتێری ڕێژیم هێرش کرایە سەریان و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوون.

تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی "گەسگەسک" لە شاری "پیرانشار"دایە.

دایە "ئامینە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە شنۆ بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.