کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە ناوچەی هەوشار کۆچی داویی کرد

14:15 - 2 خاکەلێوه 2722

دایە ''کاڵێ مورادی'' دایکی شەهید ''محەممەد بەهرامی'' خەڵکی گوندی ''بیچاخچی'' سەر بە ناوچەی هەوشار ڕۆژی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی بەهۆی بە ساڵاچوویی لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە کاڵێ ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و تا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی بوو.

شەهید ''محەممەد بەهرامی'' لە گوندی ''بیچاخچی'' لەدایک بووە.

ناوبراو بەهۆی زۆڵم و داگیرکاریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەیوەست بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ببوو.

شەهید محەممەد ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان بە دیل گیرا و پاشان لە ساڵی ١٣٦٦دا لە شاری تیکاب ئێعدام و تەرمەکەی بێسەروشوێن کرا.

تەرمی دایە ''کاڵێ'' لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.