کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە "نییەر" کۆچی دوایی کرد

12:02 - 18 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "حەبیبە مینبەری" دایکی شەهید "عەزیم مینبەری" خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە، دوای تەمەنێک پڕسەروەری لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "حەبیبە" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "عەزیم مینبەری" ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی "نییەر" لەدایک بووە.

دوای هێرشی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە هێزی "ئیسماعیل شەریفزادە"، ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

دەرەنجام شەهید "عەزیم" لە ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئاخوندی لە سنە، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو بێسەروشوێنە.

دایە "حەبیبە" هەتا دواهەناسەی بە ڕێبازی هەرمانی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "حەبیبە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.