کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە "ڕەبەت" کۆچی دوایی کرد

11:39 - 1 گەلاوێژ 2720

دایە "خەدیجە بایەزیدی" دایکی شەهید "خالید ئیبراهیمی" خەڵکی "ڕەبەت"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "خەدیجە" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "خالید ئیبراهیمی" ساڵی ١٣٤١ هەتاوی لە گوندی "پاشبەرد" لەدایک بووە. دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمانەکەی چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.

دەرەنجام شەهید "خالید" لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی پەت و سێدارە، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شوێنێک بە ناوی "پشتی نەڵۆس" تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

دایە "خەدیجە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "خەدیجە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.