کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:53 - 20 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی هەینی ١٩ی خاکەلێوە دایە "گەوهەر ساڵحی" دایکی شەهید "ڕەحیم ساڵحی" و خێزانی شەهید "ساڵح ساڵحی" لە شاری بانە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "گەوهەر" یەکێک لەو ژنانە بووە کە لە کاتی شەڕی چەکداریی حیزب دژی ڕێژیمی خومەینی هەمیشە پشتیوانی هاوسەرەکەی بووە و یارمەتیی زۆری پێشمەرگەی داوە و هاوسەرەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی "ڕەحیم ساڵحی" لە نێو ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکراتدا شەهید بوونە.

بە گشتی ئەو بنەماڵەیە، بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر بوونە و چەندین ڕۆڵەی دیکەیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە.

شەهید "ڕەحیم ساڵحی" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی "تاژەبانـ""ی سەر بە شاری بانە لەدایک بووە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران شەهید ڕەحیم ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی شۆڕش و چەکی پێشمەرگایەتی هەڵدەگرێت.

 ناوبراو لە حیزبدا پلەی جێگر پەلی پێ دەدرێت و بەوپەڕی لێوەشاوەییەوە ئەرکەکانی بەڕێوە دەبات.

سەرئەنجام شەهید ڕەحیم  ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٣٧١ی هەتاوی لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە شوێنێک بە ناوی "شەمۆلە" شەهید دەبێت و دەچێتە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە.

هەروەها هاوسەری ناوبراو بە ناوی "ساڵح ساڵحی" ناسراو بە "ساڵح ئاغا" لە گوندی "تاژەبانـ"ـی بانە لەدایک بووە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵاوی لەگەل شۆڕش پەیدا کردووە و وەکوو هێزی بەرگری هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری پێشمەرگە بووە و بە دڵ و بە گیان ئەرکی حیزبی بەڕێوە بردووە.

ناوبراو ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٣٦٢ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە گوندی تاژەبان شەهید بووە و چووەتە ڕیزی نەمرانەوە.

تەرمی دایە گەوهەر لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خەڵکی ناوچەکە بە گشتی و بنەماڵەی ساڵحی بە تایبەتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.