کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:15 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دایە "مەعسوومە" دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەقز، دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

دایە "مەعسوومە دیمی" دایکی شەهید "عوسمان خاکی" ناسراو بە دوکتور "عوسمان"، لە سەقز کۆچی دوایی کرد.

کاک "عوسمان خاکی" لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی "حەسەن سالاران" لە سەرشیو لەدایک بوو و دواتر بۆ ژیان چوونە شاری سەقز. ساڵەکانی ٦١ی هەتاوی هاتە نێو ڕیزی حیزبەوە و چەکی پێشمەرگایەتیی هەڵگرت و دەستی بە تێکۆشان کرد.

 دوای ماوەیەک، شەهید "عوسمان" نێردرایە دەورەی دەرمانی و لەنێو پێشمەرگەکاندا بە دوکتور عوسمان ناوبانگی دەرکرد. لە زۆرێک لە شەڕەکان بەشداریی کرد و یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ بریندارەکانی مەیدانی شەڕ و هەموو کات دەم بە پێکەنین و ڕووخۆش بوو.

ساڵی ٧٠ی هەتاوی کاک عوسمان لەگەڵ چەند زیندانییەکی دیکە لە سەقز بڕیار دەدەن لە زیندانی ڕێژیمی پەت و سێدارە ڕا بکەن و خۆیان لە مەرگ نەجات بدەن. زۆر ئازایانە دەتوانن نیگابانی بەر سلوولەکەیان بگرن و چەکی بکەن و بێنە دەرەوە. بەڵام لە بەشێکی دیکەی زیندان تووشی دەرگیری دەبن و ڕێگای دەرچوونیان لێ دەگیرێت. هاوڕێ عوسمان بریندار دەبێت و لە کۆتاییدا لەبەر ئەوەی نەکەوێتە دەستی جەلادەکان کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.

یەکێکی دیکە لەو کەسانە کە لە زینداندا لەگەڵ شەھید "عوسمان" ویستی ڕا بکات، "عەبدوڵڵا قادری" بوو.

دوای ئەوەیکە  کاک "عەبدوڵڵا" دیسانەوە دەسبەسەر دەکرێتەوە، بە زیندانی هەتاهەتایی و تەبعید مەحکووم کرا. براکەی دیکەی کاک عەبدوڵڵا پێشمەرگە بوو کە دواتر تێکەڵ بە کاروانی شەھیدان بووە.

تەرمی دایە "مەعسوومە" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی ئەو دایکە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکارەکانی دایە "مەعسوومە" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.