کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:48 - 6 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە "سەردەشت " کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانبار، دایە "فاتمە محەممەدزادە" دایکی شەهید "ئیبراهیم محەممەدزادە" خەڵکی "سەردەشت"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "فاتمە" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "ئیبراهیم محەممەد زادە" ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی "کۆنە مشکێ" سەر بە "سەردەشت" لەدایک بوو.

دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، لە شەڕێکی نەخوازدراودا لە شوێنێک بە ناوی "بۆردمەی سەقز" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

دایە "فاتمە" هەتا دواساتەکانی ژیانی، بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.