کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:39 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە شنۆ کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، دایە "فاتمە سلێمانی" دایکی شەهید "عەلی سلێمانپوور"، خەڵکی گوندی "ئالیانـ"ـی ناوچەی دەشتە بێڵی سەر بە شنۆ، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "فاتمە"، ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "عەلی سلێمانپوور"، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی، لە گوندی "ئالیان" سەر بە شنۆ لەدایک بوو.

دوای هێرشی ڕێژیمی داگیرکەر بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

دەرەئەنجام شەهید "عەلی سلێمانپوور"، لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژمی پەت و سێدارە، لە هێزی شەهید "نحۆ" و لە گوندی "خەلیفە"ی مەهاباد، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "گەرگوولی خواروو" سەر بە شاری نەغەدەیە.

دایە فاتمە هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناچەکەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.