کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

13:20 - 8 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە "ڕوانسەر" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٧ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، دایە "سەیزادە سانیە حوسێنی"، دایکی شەهید "سەعدی ڕەحمانی" خەڵکی گوندی "لۆن ‌ساداتـ"ـی کامیاران، بەهۆی بەساڵاچووییەوە لە "ڕوانسەر" کۆچی دوایی کرد.

دایە "سانیە" ژنێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "سەعدی ڕەحمانی" ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە گوندی "لۆن سادات" سەر بە "کامیاران" لەدایک بوو.

دوای پەلاماری داگیرکەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

دەرەنجام شەهید "سەعدی ڕەحمانی" لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕێکی نەخوازراودا، لە شوێنێک بەناوی "وشکەڵانـ"ـی مەریوان تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "وشکەڵانـ"ـدایە.

دایە "سانیە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.