کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

10:55 - 12 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری "نەغەدە" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، دایە "حەلیمە خەلیل‌پوور" دایکی شەهید "یوسف بەنگینی" لە شاری "نەغەدە" کۆچی دوایی کرد.

دایە "حەلیمە" ژنێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

 ناوبراو لە کاتی خۆیدا، زۆرجار خزمەتی بە پێشمەرگە و جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان کردووە و ئاواتی ئەوە بوو کە کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات.

شەهید "یوسف بەنگینی" ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی، لەدایک بوو.

دوای هێرشی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

دەرەنجام، شەهید "یوسف" لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی "قاوەخانەی حاجی حوسێن" تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "دایماو"ی سەر بە شاری نەغەدەیە.

دایە "حەلیمە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.