کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهید "لەیلا" کۆچی دوایی کرد

17:41 - 26 رەزبەر 2720

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، دایە "ئەشرەفی ئەمیری" دایکی شەهید "سەعیدە خالیدی" ناسراو بە  "لەیلا" لە سنە کۆچی دوایی کرد.

دایە "ئەشرەفی" ژنێکی قارەمان و تێکۆشەر بوو و کوڕ و کچێکی ناوبراو لە ڕێگای ئازادیی کوردستان گیانیان فیدا کردووە.

شەهید "سەعیدە خالیدی" ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە سنە لەدایک بووە. دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان شەهید "لەیلا" چەکی بەرگری لە نیشتمان دەکاتە شانی و وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات درێژە بە خەبات دەدات.

ناوبراو هەموو ئەرکێکی حیزبیی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد. شەهید لەیلا ساڵی ۱۳٦٤ لە هێزی شەهید "شەریفزادە" سازمان درا و هەتا کاتی شەهیدبوونی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی پێشمەرگایەتیی کرد.

ناوبراو ساڵی ٦٨ لە مەئموورییەتێکی حیزبیدا لە سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دیل گیرا و ساڵی ٦٩ لە زیندانەکانی ڕێژیمی پەت و سێدارە ئێعدام کرا. تەرمی پیرۆزی شەهید "سەعیدە خالیدی" لە سنە بە خاک ئەسپێردراوە.

تەرمی دایە "ئەشرەفی" لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدیـ"ـی سنە بەخاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە "ئەشرەفی ئەمیری" سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.