کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

17:20 - 26 خەزەڵوەر 2720

دایە "ناهید هەنارە" دایکی شەهید "حوسێن عەلیپوور" لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ناهید" هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕەکەی مایەوە. تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی "قەبرستانی شەهیدانـ"ـی شنۆ بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید "حوسێن عەلیپوور" ناسراو بە "حەسۆ" فەرماندەیەکی دڵسۆز و کارامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

شەهید "حوسێن" ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە گوندی "گردەسوور" سەر بە پیرانشار لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە ناوبراو پەیوەست بووە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە وەک جێگری هێز کاروباری حیزبیی خۆی بەڕێوە بردووە.

ناوبراو ڕێكەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە شوێنێک لەنێوان "بۆڵێ و ئێنزێ" لەلایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای دانانەوەی بۆمبێک تێرۆر کرا و تێکەڵ بە کاراونی شەهیدان بوو.

هاوکات لەو تەقینەوەیەدا "حەسەن شەرەفی"، شەهید سەید "سەلام عەزیزی" و "مستەفا مەولوودی" بریندار بوون.

گڵکۆی شەهید "حوسێن" لە "بۆڵێـ"ـیه.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خزم و کەسی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.