ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، دایە ''عایشە محەممەدزادە'' ناسراو بە ''پوور عایشێ'' خەڵکی گوندی ''گردکشانە'' سەر بە شاری پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە ''عایشە'' سێ کوڕی هەبوو کە هەر سێکیان هاوکات پێشمەرگە بوون کە یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی ''ڕەحمان حەمەڕەش'' شەهید کراوە.
شەهید ''ڕەحمان حەمەڕەش'' ناسراو بە ''ڕەحمان خراپە'' ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی ''خراپە'' لەدایک بووە و دواتر پێوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بووە و لە کۆمیتە شارستانی پیرانشار سازمان درابوو.
ناوبراو ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە ناوچەی ''قوڵقوڵە'' سەر بە شاری سەقز لە تێکهەڵچوونێکدا شەهید بووە.
گڵکۆی ''ڕەحمان حەمەڕەش'' لە ''قامیشەڵە''ی سەقزە.
دایە ''عایشە'' ژنێکی نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە بەو ئاواتەوە بوو کە ئامانجی کوڕە شەهیدەکەی کە ڕزگاریی کوردستان بوو، وەدی بێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.