کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:59 - 5 رێبەندان 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان‌میدیا"، ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی٢ی ڕێبەندان دایە "عەتیە سەعدی" دایکی شەهید "محەممەدشەریف بزندار" لە ناوچەی "نەوسوود"ی سەر بە شارستانی پاوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

"دایە عەتیە" هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بەهۆی ئەوەیکە کوڕێکی بە ناوی "محەممەدشەریف" لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی "شاهۆ"دا چەکی شەڕەفی لەشاندا بووه، تێکەڵاوی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ببوو و لە هیچ فیداکاری و یارمەتییەک بۆ پێشمەرگە خۆی نەدەبوارد و تا سەر شانازی بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد.

شەهید "محەممەدشەریف بزندار" ساڵی  "١٣٣٦"ی هەتاوی لە گوندی " نروێ" لەدایک بووە.

 لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران "محەممەدشەریف" پەیوەستی ڕیزەکانی شۆڕش بوو.

ناوبراو لە پێشمەرگایەتیدا پلەی "سەرپەلـ"ـی هەبووە. ناوبراو ڕێکەوتی  "٢٩ی جۆزەردانی ١٣٦٧"ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە "کۆساڵان" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بووه. گڵکۆی ناوبراو لە کۆساڵانە.

تەرمی دایە "عەتیە" لەنێو ئاپۆرای خەڵكی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و هەموو خەڵکی گوندی "نروێ" دەکات و خۆی بە هاوبەش و بەشداری خەمیان دەزانێت.