کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:26 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دایە "زارا فەتحوڵڵاهی"، هاوسەری خوالێخۆشبوو کاک سەید "ئەحمەدی میراوێ" و دایکی شەهید حاجی سەید "عەلی ئازەری"، شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا، بە هۆی پیری و نەخۆشییەوە، لە گوندی میراوێ سەر بە شارەستانی شنۆ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 تەرمی دایە زارا، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی بەئەمەگی گوندی میراوێ و هەروەها خەڵکێکی بەرچاو لە ناوچەی شنۆ، تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

هەرچەند دایە زارا، بەو ئاواتە نەگەیشت کە جارێکی تر بتوانێت بە دیداری کۆچکردوو کاک سەید عەلی، کە لە غوربەت سەری نایەوە، شاد بێتەوە، بەڵام ئاواتی ئەوە بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کوردستان لە دەستی داگیرکەران ڕزگاری بێت و بتوانێت سەردانی گڵکۆی شەهیدان بکات و لەوێش بچێتە سەر مەزاری کوڕەکەی. بەداخەوە ئەو ئاواتەشی هەر وەکوو هەزاران دایکی تری ئەو نیشتمانە بردە ژێرگڵ و وەدی نەهات.

هەر لێرەوە هەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گۆڕی پاکی دایە زارا و هەزاران دایکی تری ئەو نیشتمانە، کە توانیان ڕۆڵەکانیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان بکەن. سڵاو دەنێرین بۆ ئەمەگناسی و وەفاداریی خەڵکی کوردستان کە لە کاتی کۆچی دایک و باوکی شەهید، وەکوو وەفایەک بۆ شەهیدان لە دوور و نزیکەوە بەشداری خاکسپاریان دەکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.