کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە "مەهاباد" کۆچی دوایی کرد

12:53 - 31 جۆزەردان 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "فاتمە بیژەن‌ کوهـ"، دایکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، کاک "ئەسعەد سوڵتانی" ناسراو بە "ئەسعەد گامێشانی"، خەڵکی گوندی "گامێشان" سەر بە مەهاباد، دوای تەمەنێک پڕسەروەری لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "فاتمە" ژنێکی شۆڕشگێڕ، حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد. ماڵی ناوبراو هەمیشە جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بووە.

پێشمەرگە کاک "ئەسعەد سوڵتانی"، بەهۆی برینداربوونی لە شەڕێکدا، لەلایەن دەستیەوە کەمئەندام بووە و دواتر لەسەر ئیزنی حیزب چووەتە دەرەوەی وڵات و هەردەم وەکوو پێشمەرگەیەکی دڵسۆز ئامادەی هەرچەشنە چالاکی و فیداکاری بۆ حیزب و گەلەکەی بووە.

 دایە "فاتمە" ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، بەهۆی عەمەلیاتێکی پێشمەرگەکانی حیزب کە کاک ئەسعەدی کوڕی تێیدا بەشدار بووە، ماڵەکەی لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سووتێندرا.

دایە "فاتمە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە گوندی "گامێشان" بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.